شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: شەونم
لەبارەی شیعر: بۆکان، ١٣٤٩ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢٥ ی چاپی ئەنیسی و ١١٢ ی چاپی جەعفەر)

لە عومری کورتی خۆی [١] چاوم گلە تا سەر دەکا شەونم
به لێوی پێکەنینی خونچه چاوی تەڕ دەکا شەونم

مەکه تۆخوا [٢] دەگەڵ وی باسی عومری زۆر درێژ ئەی گوڵ! 
دڵی سافه، وتەی [٣] وا، گیانه، زوو باوەڕ دەکا شەونم

فریوی هەر هەوەسبازێ مەخۆ ئەی تازەگوڵ، ئامان! 
سبەینان ئارەزووی یارێکی دی و هاوسەر دەکا شەونم

دەماخی بەرزه گەرچی قەترەیێکی نێو گوڵووکانە
شەو و ڕۆژ ڕوو له ڕۆژ و مانگ و لای ئەختەر دەکا شەونم

ئەسیری ڕەنگ و بۆ نابن ئەوانەی پاک و دڵ‌سافن
شەوانه تا بەیانی تاق و تەنیا سەر دەکا شەونم

له گوڵزارێ که 'کامیل' خونچەیی بیر و خەیاڵ ئەچنێ
لەسەر گوڵ هەر شەرابی ساف و ڕوح‌پەروەر دەکا شەونم

١. چاپی جەعفەر: لە عومری کورتی خۆم
٢. چاپی ئەنیسی: خووا
٣. چاپی ئەنیسی: ووتەی